خاتو ڤیكتۆریا فاین، كە بەمەبەستی كردنەوەی ۆركشۆپێكی دوو مانگە دەربارەی ڕۆژنامەوانیی مۆدێرن هاتۆتە كوردستان، بابەتێكی بەو ناونیشانەی سەرەوە لەسایتی هەفنگتن پۆستدا بڵاوكردۆتەوە. لەو بابەتەدا خاتون دەڵێ وەك دەبیستم، كێشەی ڕاستەقینەی رۆژنامەكانی كوردستان كێشەی ئیتیكی و ئەخلاقیاتی ڕۆژنامەوانی خودی ڕۆژنامەكانە. بەوەی گەلێك رەخنە و تۆمەتی بڵاوكراوە هەن، كە بێ سەرچاوەن، لێكۆڵینەوەی لاوازیان بۆ كراوە و بۆ ئەوە نوسراون شەڕ بنێنەوە، نەوەك گفتوگۆی ناو ڕای گشتی پێ بخولقێنن. لەو بابەتەدا هەروەها هاتوە، لێرە هەموان تینون بۆ دروستكردنی ڕەخنەسازییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی هاوچەرخ. بەجۆرێك ڕۆژنامەنوسی لەوە تێبپەڕێت پەنجەی تۆمەتباركردن بۆ ئەم و ئەو ڕابكێشێت و كێشە گەرم و گوڕەكان بە جۆرێك بخاتە ڕوو، كە یارمەتی زۆرینە بدات كە لەدوی چارەیەك بگەڕێن. ڤیكتۆریا فاین پێیوایە ئێستا ڕۆژنامەنوسانی كورد دەیانەوێ خۆیان لەو ستایلی نوسینە بەدوور بگرن، كە بووە هۆی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان، كە هەرچەندە لەناو ڕای گشتیدا تیرۆركردنەكەی ئیدانە كرا، زۆرێك دەڵێن نوسینەكانی سەردەشت زۆر ڕەخنەساز، بەڵام لەڕووی سەرچاوەوە لاواز بوون. |